ئێوە کام خۆا دەپەرەستن؟!
من خۆای ئێوە ناپەرەستم
ئەو خۆای ئێوە داگیرکەرە
ئەو خۆای ئێوە غارەتگەرە
ئەو خۆای ئێوە نامووسبەرە
پەردەی ئابڕووی ژنان ئەدرێ
کیژانی پاکیزەی پاقژ، بەدیل ئەگڕێ
ئەو خۆای ئێوە کام خودایە؟
بە تاوی سەر چیای شەنگال
چاوی گەشی منداڵ ئەدزێ!
لە نووسینی ئاکارتان، بۆ رەزای ئەو خۆا
دڵ ئەلەرزێ،
قەڵەم لە شەرما، دادەرزێ!
من خۆای ئێوە ناپەرەستم
من خۆای ئێوە ناپەرەستم
من بە ئاوی ساردی کانیاوەکانی کوردستان
دەستنوێژ ئەگرم
لەسەر جانمازی پەڕەی گوڵ
قامەتی نوێژم دەبەستم
لەسەر بەردەنوێژی کوێستان
لەسەر شەڵاڵەی بەرماڵی خوێنی شەهید
سوژدە دەبەم بۆ نیشتمان
بۆ ناوی بەرزی ئازادی
بۆ ئاوادانی نیشتمان،
بۆ پێغەمبەرانی تێکۆشان
بۆ کوردستان